خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ یاریی نێوان تۆتنهام و مانچێسته‌ر سیتی

رۆژی سێشه‌ممه‌ 9/4/2019 یاریه‌كانی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا (چامپیۆنزلیگ) ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی یاریه‌كانی چوونی قۆناغی هه‌شته‌م كه‌ تیایدا چوار یاری به‌هێز ئه‌نجام ده‌درێن ، دوانیان شه‌وى سێشه‌مه‌ ، دوانه‌كه‌ى دیكه‌ شه‌وى چوارشه‌ممه‌ .
سالار جه‌لال

تۆتنهام – مانچسته‌ر سیتی

سالار جه‌لال

كاتژمێر 10ى شه‌وى سێشه‌ممه‌ به‌كاتی كوردستان له‌ یاریگای تازه‌ى یانه‌ى تۆتنهام له‌شاری له‌نده‌ن دێربی ئینگلته‌را له‌ چامپیۆنزلیگ هه‌ردوو یانه‌ى تۆتنهام و مانچسته‌ر سیتی رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ ، ناوبژیوانی هۆڵه‌ندی بیۆرن كۆپیرێس ئه‌م یاریه‌ به‌رِێوه‌ده‌بات ، له‌ چامپیۆنزلیگ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ردوو یانه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك یاری ده‌كه‌ن به‌ڵام مێژوو پێمان ده‌ڵێ كاتێك یانه‌ى مانچسته‌ر سیتی له‌ چامپیۆنزلیگ یان له‌ یۆروپا لیگ به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی هاونیشتمانی خۆی یاری ده‌كات تووشی دۆرِاندن هاتووه‌ ، له‌ وه‌رزى رابردوو مان سیتی له‌ قۆناغی هه‌شته‌م له‌ هه‌ردوو یاری به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپول دۆرِا ، له‌ساڵی 1971 له‌قۆناغی پێش كۆتایی یۆروپا لیگ له‌هه‌ردوو یاری به‌رامبه‌ر چێلسی دۆرِاوه‌ . له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ى تۆتنهام سێ جار له‌ خوله‌كانی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر یانه‌كانی ئینگلته‌را ، دووجار شكستی هێناوه‌ و جارێكیش سه‌ركه‌وتوو بووه‌ .

له‌ ماوه‌ى 10 رۆژدا هه‌ردوو یانه‌ سێ جار له‌گه‌ڵ یه‌ك یاری ده‌كه‌ن ، ئه‌م سێ یاریه‌ بۆ یانه‌ى مان سیتی چاره‌نووس سازتره‌ چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌م سێ یاریه‌ كورِانی راهێنه‌ر گواردیۆلا دوو نازناو له‌ده‌ست بده‌ن له‌و چوار نازناوه‌ى كه‌ ململانێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م یاریانه‌ بۆ یانه‌ى تۆتنهامیش گرنگن ، ئه‌وه‌ى چامپیۆنزلیگ بۆ په‌رِینه‌وه‌ى بۆ چوارگۆشه‌ى زێرِین و ئه‌وه‌ى خولیش بۆ ئه‌وه‌یه‌ بگاته‌ چوارگۆشه‌ى زێرِین و مسۆگه‌ركردنی كورسیه‌ك له‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزى داهاتوو ،  بۆیه‌ ئه‌م یاریانه‌ زۆر گرنگن و چاره‌نووسی هه‌ردوو یانه‌ له‌كۆتایی وه‌رز دیاری ده‌كه‌ن .

تۆتنهام یه‌كه‌م یاری خۆی له‌ چامپیۆنزلیگ له‌سه‌ر یاریگا تازه‌كه‌ى ئه‌نجام ده‌دات ئه‌وه‌ش فاكته‌رێكی گرنگه‌ بۆ راهێنه‌ر ماوریسیۆ پۆچه‌تینۆ و یاریزانه‌كانی كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێ له‌م یاریه‌ تووشی شكست بن ، یانه‌ى تۆتنهام له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر پۆچه‌تینۆ ئاستێكی باش پێشكه‌ش ده‌كات و له‌م وه‌رزه‌ پێكان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان هه‌بوو به‌ تایبه‌تی له‌هه‌فته‌كانی رابردوودا و ئێستا ئه‌م یاریه‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ى یانه‌كه‌ گه‌وره‌یی خۆی نیشان بدات ، پێكهاته‌ى یانه‌ى تۆتنهام پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزه‌ به‌ڵام ماندووه‌ ، هه‌ریه‌ك له‌یاریزانان هۆگۆ لۆریۆسی گۆڵپارێز و ڤێرتۆنخن و تریپیێر له‌ هێلی به‌رگری و ئێركسن و سۆن و دالی ئالی له‌ هێلی ناوه‌راست و شازاده‌ هاری كین وه‌ك سه‌ری رم ، هه‌ریه‌ك له‌یاریزانان سێرجی ئۆیه‌ر و لامێلا پێكانیان هه‌یه‌ ، ئه‌و پێكهاته‌یه‌ زۆر به‌هێزه‌ و راهێنه‌ر پۆچه‌تینۆ خاوه‌ن بیركردنه‌ویه‌كی فره‌وانه‌ و توانای گۆرِینی سیسته‌می یاریكردنی تیپه‌كه‌ى هه‌یه‌ .

یانه‌ى مانچسته‌ر سیتی یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین پێكهاته‌كانی یانه‌كانی ئه‌وروپایه‌ ، راهێنه‌ر پیپ گواردیۆلا له‌هه‌ر شوێنێكی یاریگا خاوه‌ن دوو یاریزانه‌ ، به‌ڵام گواردیۆلا پشت به‌ كۆمه‌ڵێك یاریزان ده‌به‌ستێت وه‌ك گۆڵپارێز ئیده‌رسۆن و به‌رگریكاران والكه‌ر و لاپۆرتی و ئۆتامیندی و له‌ هێلی ناوه‌راست فیرناندینهۆ و دێڤید سێلڤا و كیڤن دی برۆین له‌گه‌ڵ یاریزانان ئه‌گوێرۆ و سانی و ره‌حیم ستێرلینگ و بیرناردۆ سێلڤا ، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ریه‌ك له‌یاریزانان والكه‌ر و ئه‌گوێرۆ پێكانیان هه‌یه‌ و تا ئێستا به‌شداریكردنیان جێگای گومانه‌ . گواردیۆلا له‌ هه‌موو كاتێك كارتی باش له‌ده‌سته‌ بۆ گۆرِینی ره‌وتی هه‌ر یاریه‌ك وه‌ك یاریزانان محرز و گاندوگان و خیسۆس . به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره‌ى ئه‌و تیپه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌نازانێت وه‌ك پێویست به‌رگری بكات به‌ تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ى یاریگای خۆی بۆیه‌ پێویسته‌ گۆاردیۆلا چارسه‌ری ئه‌م لایه‌نه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ى سیناریۆی ساڵی رابردووی به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپول دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ .

ئه‌م یاریه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاریه‌ به‌هێزه‌كان و زه‌حمه‌ته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ بۆیه‌ تا ئه‌نجامدانی یاری گه‌رِانه‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌سته‌مه‌ لایه‌نێك گه‌یشتنی بۆ چوارگۆشه‌ى زێرِین مسۆگه‌ر بكات .

 

هه‌واڵی هاوشێوه‌

error: بابه‌ته‌كانی ئه‌م وێبسایته‌ پارێزراوه‌
×
×

Cart