خوێندنەوەیەك بۆ یاریەكەی نێوان لیڤەرپوول و پۆرتۆ

رۆژی سێشەممە 9/4/2019 یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپیۆنزلیگ) دەست پێدەكاتەوە بە ئەنجامدانی یاریەكانی چوونی قۆناغی هەشتەم كە تیایدا چوار یاری بەهێز ئەنجام دەدرێن، دوانیان شەوى سێشەمە ، دوانەكەى دیكە شەوى چوارشەممە .
سالار جه‌لال

 

سالار جەلال

* یاری یەكەم

لیڤەرپول * پۆرتۆ

كاتژمێر 10ى شەو بەكاتی كوردستان یاریگای ئەنفیلد رۆد لەشاری لیڤەرپول میوانداری یاری نێوان هەردوو یانەى لیڤەرپولی ئینگلیزی و پۆرتۆی پورتوگالی دەكات ، ناوبژیوانی ئیسپانی ئەنتۆنیۆ ماتیۆ لاهۆز ئەم یاریە بەرِێوەدەبات ، لە چامپیۆنزلیگ مێژوو لەگەڵ لیڤەرپولە لەكاتی یاریكردنی بەرامبەر پۆرتۆ ، شەش یاریان لەگەڵ یەك ئەنجامداوە ، لیڤەرپول لە سێ یاری براوە بووە و سێ یاریەكەى دیكە هەردوو یانە یەكسان بوون واتا پۆرتۆ نەیتوانیوە لە لیڤەرپول بباتەوە . لیڤەرپول 12 گۆڵی لە پۆرتۆ تۆماركردووە بەرامبەر تەنها 2 گۆڵ بۆ یانەى پۆرتۆ ، كەواتە هەموو ئامارەكان لەبەرژەوەندی لیڤەرپولن بەلام ئەوە هەمووى رابردووە و هیچ لە بارودۆخی ئەم یاریە ناگۆرِێت تەنها ئەگەر ورەى یاریزانانی ریدز بەرزبكاتەوە .

هەردوو یانە و راهێنەرەكانیان بەتەواوى شارەزای شێوازى یاریكردنی یەكترن بەلام لێرە زیرەكی راهێنەر بەدیاردەكەوێت بەدانانی پلانێك كە لەپێشبینی تیپی بەرامبەر نەبێت ، راهێنەر یۆرگن كلۆپ ئەزموونی زیاترە لە راهێنەری یانەى پۆرتۆ كۆنسیساو ، لەهەمان كاتدا جۆری یاریزانانی لیڤەرپول باشترن لە یاریزانانی پۆرتۆ ، بەلام فشار لەسەر یاریزانانی لیڤەرپول زیاترە چونكە هەموو پێشبینیەكان بۆ ئەوە دەچن كە لیڤەرپول ئەم قۆناغە ببرِێت ، بۆیە یاریزانانی پۆرتۆ بەبێ فشار و بە ئاسووەدەیی ئەم یاریە ئەنجام دەدەن ، ئەگەر ماڵئاوایش بكەن ئەوە هیچ گلەییان لەسەر نابێت و گەیشتنیان بۆ ئەم قۆناغە دەسكەوتێكی زۆر باشە .

چەكی بەهێزی لیڤەرپول سێكوچكەى پێشەوەیە كە بریتین لە محەمەد سەلاح و سادیۆ مانێ و فیرمینهۆ ، ئەم سێ یاریزانە هەمەهانگی تەواو لە نێوانیان هەیە بە پاڵپشتی هەریەك لە ڤینالدۆم و میلنەر لە هێلی ناوەراست و سەركەوتنی باڵەكان هەرچەندە لەم یاریە لیڤەرپول باڵێكی شكاوە بە راگرتنی یاریزان رۆبەرتسۆن كە لەوانەیە یاریزان ئەلبرتۆ مۆرینیۆ لەشوێنی یاری بكات . هێلی بەرگری لیڤەرپول بە بوونی ڤان دایك و گۆڵپارێز ئەلیسۆن لە بارودۆخێكی زۆر باشە .

لەبەرمبەردا چەكى بەهێزی یانەى پۆرتۆ یاریكردنی بە كۆمەڵی ئەو تیپەیە كە توانی بەم شێوازە خۆی بگەیەنێتە ئەم قۆناغە ، پۆرتۆ دوو لە یاریزانە باشەكانی لەدەستداوە بە هۆی كارتی زەردەوە كە ئەوانیش هەریەك لەبەرگریكار پیپی و یاریزانى هێلی ناوەراست هێرێرای مەكسیكیە ، پۆرتۆ پشت بەئەزموونی گۆڵپارێزێكی مێژوویی چامپیۆنزلیگ وەك ئیكەر كاسیاس دەبەستێت بۆ راگرتنی هێرشەكانی لیڤەرپول .

لە وەرزى رابردوو لەم یاریگایە هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەكسان بوون لەیاری گەرِانەوەى قۆناغی 16 بەلام دوای ئەوە بوو كە لیڤەرپول 5-0 لەیاری چووندا سەركەوتوو بوو . ئەمجارەیان لیڤەرپول دەیەوىَ لەیاریگای خۆی گەیشتنی بۆ چوار گۆشەى زێرِن مسۆگەر بكات و پۆرتۆش دەیەوێت بەكەمترین زەرەرو زیان بگەرِێتەوە یاریگای دراگاو .

 

هه‌واڵی هاوشێوه‌

error: بابه‌ته‌كانی ئه‌م وێبسایته‌ پارێزراوه‌
×
×

Cart