دەنگۆی رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەریزی مانچێستەر یونایتد، هەواڵێکی رۆژانەیە ماوەیەکە ناوی ئەو یاریزانە بەکۆمەڵێک یانە دەلکێندرێت، لەوانە بایرن میونشنی ئەڵمانی، ریال مەدریدی ئیسپانی و رۆمای ئیتاڵی.
پێگەکانی بەریتانیا ئاشکرای دەکەن، کە مان یونایتد شوێگرەوەی بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دۆزیوەتەوە.
ئیڤانیلسۆن، هێرشبەری یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی، بەهۆی ئاستەبەرزەکەیەوە کەوتوەتە ژێر رادارەکانی شەیتانە سوورەکان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن، مانچێستەر یونایتد لەهەوڵدایە ئەو گۆڵکارەی پۆرتۆ بگوازێتەوە ئۆڵدترافۆڕد، بۆ ئەو مەبەستە ئۆفەرێکیان بەبڕی 51.5 ملیۆن پاوەند پێشکەشی بەرپرسانی یانە پۆرتوگالییەکە کردووە.
ئیڤانیلسۆن، وەرزی رابردوو 21 گۆڵی تۆمارکردووە لەکۆی 46 بەشداریکردن لەگەڵ پۆرتۆی پاڵەوانی خولی پۆرتوگالی.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەو ئەستێرە بڕازیلیە ئاماژەی بەوەدا، کە دەیەوێ وەرزێکی تر لەپۆرتۆ بمێنێتەوە لەپێناو پێشڤەچوونی زێتر، ئەمما نەیشاردۆتەوە کە ئاشقی تۆپی پێی ئینگلیزییە و دەیەوێ خۆیشی لەئاستێکی باڵادا ببینێتەوه.
ئیڤانیلسۆن ـی 23 ساڵان، بەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی دەکات سەرنجی ژمارەیەک یانەی دیکەی گەورەی ئەوروپای بەلای خۆیدا کێشکردووە، بەڵام تەنها مان یونایتد ئۆفەری فەرمی پێشکەش کردووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
ئیڤانیلسۆن، هێرشبەری پۆرتۆ