بارسێلۆنا، ماڵئاوایی لەدانی ئالڤێز کرد و چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەش شوێنگرەوەیەکی بۆ دۆزیەوە.
دوێنێ دانی ئالڤێزی 39 ساڵان دوای وەرزێک لەیاریی کردن لەریزی بلوگرانا بەفەرمی رۆیشتنی لەیانە کەتەلۆنییەکە راگەیاند و چاڤی لەپەیامی ماڵئاواییدا بۆی نووسیوە” خوات لەگەڵ هاوڕێکەم، تۆ پێشڕەویت بەواتای وشە.“
دانی لەم وەرزە 16 یاریی بەدرێسی بارسا ئەنجامدا و گۆڵێک و 3 ئاسیستی تۆمارکرد.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووس و شارەزا لەگواستنەوەی یاریزانان ناوی ئەو بەرگریکاره ئاشکرا دەکات، کە شوێنی دانی دەگرێتەوه.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆمانۆ بێت، چاڤی بژاردەی یەکەم و کۆتایی سیزار ئەزپلێکویتایە. لەسەر داوای راهێنەرە ئیسپانییەکە بارسێلۆنا ئۆفەرێکی پێشکەشی بلوز کردووە و گرێبەستەکە بۆ ماوەی دوو ساڵە، بەڵام لەیانە لەندەنییەکەوە رێگری هەیە.
رۆمانۆ دەڵێت،” تۆخێل، راهێنەری چێڵسی رێگرە لەبەردەم رۆیشتنی ئەزپلێکویتا، چونکە کاپتنی تیپەکەیە دەیەوێ پشتی پێببەستێت.
ئازپلێکویتای 32 ساڵان لەم وەرزە بەشداری 47 یاریی کردووە و 2 گۆڵ و 3 ئاسیستی تۆمارکردووە.