ئانخل تۆرێس بەرێوەبەری جێبەجێکاری یانەی خیتافی ئاشکرای کرد کە بریکاری کارەکانی گاریس بەیل پێشنیاریی کردووە ئەستێرە وێڵزییەکە یاریی بۆ یانەی ناوبراو بکات.
لە مەراسیمی پێشکەشکردنی درێسی نوێی یانەی خیتافی، ئانخل تۆرێس ئاشکرای کرد “کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ بریکاریی کارەکانی بەیل کردووە و خزمەتەکانی ئەم یاریزانەی پێشکەش بە ئێمە کرد، پێویستە لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و راھێنەرایەتی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەین و وئینجا بڕیاری لەسەر بدەین”
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەکان ئەوەیان خستەروو کە دوێنی سەرۆکی یانەی خیتافی لە بارەگای ریال مەدرید بینرا بێ ئەوەی ھۆکارەکەی بزاندرێت.
ئەمەو دوای دەستەبەرکردنی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید، بە شێوەکی فەرمی گاریس بەیل رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند.