هەواڵی ئەمڕۆی پێگەکانی ئەوروپا بەگشتی و ئیسپانیا بەتایبەتی باسی هاوکاری یانە ریال مەدریدە بۆ ئەو هاندەرانەی، کە لەیاریی فایناڵی چامپیۆنزلیگ لە فەڕەنسا دزیان لێکراوە.
یاریی فایناڵی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لەیاریگەی ”سانت دۆنی“ لەپاریسی پایتەختی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، ئەم یاریگەیە نزیکەی 84 هەزار هاندەر دەگرێت، نیوەی ئەو رێژەیە و زیاتریش هاندەری یانەی ریال مەدرید بوونە و بەشێکی زۆریشیان لەئیسپانیاوە گەشتی فەڕەنسایان کردبوو، تا بتوانن لەیارییەکە ئامادەبن.
ئەوەی بوەتە مایەی سەرنجی میدیا وەرزشییەکان، بەشێکی زۆری ئەو هاندەرانە زیانی دارایی گەورەیان بۆ کردووە، لەئێستادا کارگێڕی یانەکە لەهەوڵی پێشکەش کردنی هاوکارییە بۆ ئەو هاندەرانە.
تۆماس گۆنزالێز، رۆژنامەنووسی ئیسپانی دووپات لەو هەوڵەی یانەی شاهانە دەکاتەوە و دەڵێت: “ریال مەدرید کارى کردووە بۆ یارمەتیدانى ئەو هاندەرانەى کە گەشتیان کردووە بۆ پاریس و دزیان لێکراوە.
بەگوێرەی زایارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە بێت، 110 جانتای دزراون لەگەڵ 89 مۆبایل و 78 کارتی بانکی، لەگەڵ دزینی هەزاران یۆرۆ لەهاندەران، لەئێستادا یانەکە لەهەوڵدایە ئاسانکاری و یارمەتی بۆ ئەو هاندەرانە زامن بکات.