ھەوڵەکانی پاریس سانجێرمان بۆ رازیکردنی زێنەدین زیدانی فەرەنسی، بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری یانەکە بەردەوامە و ھیوایەکی زۆر بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا گەڕاوەتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای دەکات کە لە شاری پاریس کۆبوونەوەیەک لە نێوان زێنەدین زیدان و ناسر خلێفی ئەنجامدرا و سەرۆکی پاریس سانجێرمان ھەمـوو ھەوڵێکی خۆی وەگەڕ خستووە و بە هەر نرخێک بێت بۆ ئەوەی ئەفسانەکەی تۆپی پێی فەرەنسا بکاتە راھێنەری یانەکە.
بەپێی رۆژنامەکە، خلێفی ئامادەبوونی زێدان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدرید قۆستەوە و لەگەڵیدا کۆبۆتەوە و ئەنجامی کۆبوونەووکەش دڵخۆشکەر بووە و تێیدا زیزۆ نەرمی نواندووە.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستەروو کە گفتوگۆکانی نێوان خلێفی و زێدان بە باشی بەڕێوەچووە و تەنھا لەسەر هەندێک شت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بەپێی ئەوەی زێدان مەرجی ھەیە بۆ ئەوەی ببێت بە راھێنەری یانەکە.
مۆندۆ باسی ئەو مووچەیە کردووە کە خلێفی ئامادەیە بۆ زێدان تەرخانی بکات و دەلێت لە کۆبوونەوەکەدا بە زێدان گوتووە ئامادەن 25 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانەی پێبدەن، ئەمەش دەیکاتە خاوەنی زۆرترین مووچە لەنێو سەرجەم راهێنەرانی تۆپی پێ لە مێژوودا.