کەشتی ئامانجەکانی لیڤەرپووڵ، لەهەرێمی کەتەلۆنیاـەوە لەنگەر دەگرێ، نزیکن لەدەستەبەرکردنی توانای لاوێکی یانەی بارسێلۆنا.
پێگەیەکی کەتەلۆنی، هەوڵی لیڤەرپووڵ بۆ بەدەستهێنانی یاریزانێکی بارسێلۆنا دەخاتە روو.
پێگەی ”سپۆڕت“ ئاشکرایکردووە، کە یانەی لیڤەرپووڵ ئامادەیە بڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا بدات.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، لەبارەی ئایندەی ئەو لاوە ئیسپانییە، خوان لاپۆڕتا سەرۆکی بارسێلۆنا گوتی” نازانم ئایندەی ئەو چی لێدێت، تا ئێستا لەگەڵ بریکارەکەی نەگەیشتوینەتە رێککەوتن.”
بڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گاڤی 50 ملیۆن یۆرۆیە، بەرپرسانی رێدز ئامادەن ئەم بڕە بدەن، تا لاوە لێهاتووەکە ببەنە پاڵ تیاگۆ ئالکانتارا.
گاڤی 17 ساڵان، دەرچووی فێرگەی لاماسیایە ئەم وەرزە درەوشاوەتەوە لە 47 یاریی یانەکەی بەشداری کردووە و 2 گۆڵ و 6 ئاسیستی تۆمارکردووە.