سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە کێلیان مباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، لەپرسی هێنانی راهێنەری ئایندەی یانەکە خۆی یەکلایکردوەتەوە.
لەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستی کێلیان تا 2025 لەگەڵ پی ئێس جی، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە، کە لاوە 23 ساڵانەکە خواستی هەیە زەینەدین زیدان ـی هاونیشتیمانی ببێتە شوێنگرەوەی پۆچێتینۆ، بەڵام زیدان رەتیکردەوە ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانە لەخۆبگرێت.
سەرچاوەیەک ناوی راهێنەرێک دەخاتە بەرباس، کە بژاردەی دووهەمی کێلیان ـە بۆ سەرکردایەتی یانە فەڕەنسییەکە.
پێگەی ”گۆڵ“ ئاشکرای دەکات، کە پیپ گواردیۆلا راهێنەری ئێستای مانچێستەر سیتی داواکاری کێلیان مباپێ ـە بۆ راهێنەرایەتی پاریس.
ئەم هەنگاوەی پاریس ئاسان نابێت، چونکە رکابەرییەکی توند لەنێوان خاوەنداری مانچێستەر سیتی کە ئیماراتیە و ناسر ئالخلێفی قەتەری هەیە، بۆیە زەحمەتە ئیماراتییەکان لەسودی قەتەرییەکان دەستبەرداری گواردیۆلا بن.
گواردیۆلا، لە 2016 ـەوە راهێنەری شین پۆشەکانی شاری مانچێستەرە و تا 2023 گرێبەستی لەگەڵیان هەیە و مێژوویەکی گەورەی لەگەڵ ئەویانەیە نووسیوەتەوە.