حوزه‌یران 28, 2022 1:24 PM

پوختەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی تین هاگ

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەفەرمی ئێریک تین هاگ وەك راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد بە میدیاكان ناسێندرا..

دوای ناساندنی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەكە، پێگەی فەرمیی یانەكە یەكەمین كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ ڕێكخست و دوای ئەوەش لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا تین هاگ پلان و سەرنجەكانی دەربارەی یانەكە و یاریزانەكانی خستە ڕوو ، هەروەها باسی لە بیرۆكە و بنەمای كاركردنی خۆی كرد بۆ پێشخستنی یانەكە، لە كۆتاییشدا قسەی لەسەر ڕۆڵی رۆناڵدۆ و هاری ماگوایەر كرد، رۆڵ و ئەركی هەریەكێكیانی خستەڕوو.

لەسەرەتای لێدوانەكانییدا تێن هاگ ستایشی پێشوازییەكەی كرد كە لەلایەن یانەكەوە لێی كراوە و ڕایگەیاند ؛

” کاتی گەیشتمە ئێرە پێشوازیەکی گەرمم لێکرا، ئەمە وزەیەکی زۆری بەمن بەخشی، بە پەرۆشەوەم بۆ دەسپێکردنی پڕۆژەکەم لە وەرزی نوێ “

پاشان و لە درێژەی لێدوانەكانیدا ڕاهێنەرە نوێیەكەی مان یونایتد ستایشی مێژوو و ناوبانگی یانەكەی كرد و باسیشی لە داهاتووی یانەكە كرد و گووتی ؛

” مانچستەر یونایتد خاوەنی مێژووییەکی گەورەیە، دڵنیابن داهاتویەکی گەورەشی دەبێت، من بەڵێنی ئەوە دەدەم دەتوانم ئەو کارە بکەم و تیپێكی بەهێز دروست بكەین ، دەبێ ئەو یانەیە بگەڕێنیەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی “

تین هاگ بەردەوامبوو لە درێژەدان بە قسەكانی و باسی پلان و بیرۆكەی خۆی بۆ كاركردن لە مانچێستەر كرد و گوتی؛

” ئەمە پرۆسەیەکە، کاتی دەوێ، کارکردنی قورسی دەوێ، دەبێ بگەینە ئەو خاڵەی کە دەمانکاتە براوە، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە تۆ لەسەر فەلسەفە و ستراتیژیەکی ڕاست بیت”

لەپاش قسەكانی، رۆژنامەنووسان بە دەرفەتیان زانی پرسیاری زیاتر دەربارەی شێواز و فەلسەفەی كاركردنی ڕاهێنەرەكە بكەن و چەندین پرسیارییان ئاراستەكرد. یەكێك لە ڕۆژنامەنووسان پرسیاری لە تین هاگ كرد  و گوتی؛
ئایا تۆ بەنیازیت هەر لەسەر فەلسەفە و بناغەی هۆڵەندی بڕۆیت؟

تین هاگ یش لەوەڵامی ڕۆژنامەنووسەكە گوتی ؛

” بەدڵنیایەوە بۆ نا ؟ ئەوە باشترین شتی منە و هەر بەوەش دەستکەوتی باشم بەدەستهێناوە، رۆژانە بەردەوام من زیاتر فێردەبم لەوەی کە هەمە، بەردوام دەبم لەسەر ئەو میراتە “

تین هاگ زیاتر ڕوونكردنەوەی بۆ دان و نموونەی بە كاركدنی لە یانەكەی پێشووی هێنایەوە و گووتی؛

” ئێمە لێرە قسە دەربارەی بردنەوەی نازناو دەکەین، ئەوەش بە پڕۆژە دەکرێت، وەک ئەوەی لە ئەیاکس ئەمجاممان دا، کە دەبوو ئەیاکس بخەینەوە ڕیزی گەورەکانی ئەوروپا، کاتێک چوومە ئەوێ ئایندهۆڤن لە لوتکە بوو، یەکەمی ریزبەندی گرتبوو، بەڵام ئێمە ئەوەمان گۆڕی”


هەروەها ، لە درێژەی كۆنگرەكەدا ناوی لویس ڤانگالی هاونیشتیمانی و  ڕاهێەرێ پێشووی ئەیاكس و مانچێستەر یونایتد هاتەپێشێ و لە تین هاگیان پرسی ئاخۆ ڕای ئەو چیە دەربارەی ئەو لێدوانەی ڤانگال كە گوتبووی ” مانچێستەر یونایتد یانەیەكی بازرگانیە” ؟

لە وەڵامدا تین هاگ قسەیەكی سەرنجڕاكێش و نوێی كرد و بە رۆژنامەنووسان و هەموو گووت كە ؛ ” هەموو یانەیەک لە جیهاندا بازرگانییە و پێویستی بە پەیداکردنی پارە هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەولەویەتی ژمارە یەک و دوو و سێ لێرەدا تەنها تۆپی پێیە!”

پەیتا پەیتا رۆژنامەنووسان بە پرسیارەكانیان كۆنگرەكەیان گەرمتر دەكرد و پرسیارە هەستیارەكانیان دەخستە ڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش یەكێك لە گرنگترین پرسیارەكانیان ئاراستەی هۆڵەندییەكە كرد كە دەربارەی یەكێك لە گرنگترین كەسایەتیەكانی یانەكە بوو، كاتێك رۆژنامەنووسێك پرسیاری لە تین هاگ كرد و گووتی ؛

ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پلانەکانت دەبێ بۆ وەرزی داهاتوو؟
لە وەڵامدا تین هاگ وەك ئەوەی نەیویستبێ بە دڵنیاییەكی زۆرەوە قسەبكات دەربارەی پرسەكە و هەر بە سادەیی و بە كورتی ڕایگەیاند ” بەڵێ، بە دڵنیاییەوە “

ڕۆژنامەنووسان لە بابەتی رۆناڵدۆ دوور ناكەوتنەوە و بە دەرفەتیان زانی ئاژانسەكانی خۆیانی پێ قەرەباڵف بكەن و لەم نێوەندەشدا یەكێكی دیكە لە رۆژنامەنوسەكان لە ئیریكی پرسی كە ئاخۆ “چی داوەیەكی هەیە لە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ؟ “

لەوەڵامی ئەمەشدا ئیریك تین هاگ بە بزەیەكەوە و بە وشەیەك وەڵامی دایەوە و گووتی ؛ ” گۆۆۆڵ “

بێگومان كاتێك ڕاهێنەرێك دێتە پرێمەرلیگ رۆژنامەنووسان بە دەرفەتی دەزانن سەرنج و بۆچوونەكانی دەربارەی ڕاهێنەرەكانی دیكە  و بەتایبەت ڕكابەرەكانی بزانن و پرسیار دەربارەی هاوكارەكانی بكەن…

هەر بۆیە لە درێژەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكە رۆژنامەنووسەكان ئەو دەرفەتەیان لەدەست نەدا ، ڕكابەری نێوان (گواردیۆلا و كلۆپ)ـیان هێنایە ناو بابەتەكە و كۆنگرەكەیان پێ گەرمتر كرد.

تێن هاگیش لە باسی ئەو دوو ڕاهێەرەدا لێدوانێكی سەرنجڕاكێش و پەیامداری ئاراستەیان كرد و دەربارەیان دووا و گووتی؛
” من سەرسامم بەوەی كلۆپ و گواردیۆلا پێشكەشیان كردووە ، ئەوان تۆپی پێیان پێشخستووە و كاری سەرنجڕاكێشان ئەنجامداوە ، بەڵام لە كۆتاییدا سەردەمی ئەوانیش كۆتایی پێ دێت! “

لە كۆتایی كۆنگرەكەشدا ئاراستەی پرسیارەكانیش خرانە سەر هاری ماگوایەری كاپتنی یانەكە و گرانترین بەرگریكاری پرێمەرلیگ كە ئەم وەرزە ئاستێكی لاوازی پێشكەشكردوو و لە بووە جێی ڕەخنەی زۆربەی هاندەران و كەسایەتی و میدیاكانی ئینگلاند و جیهان، هەربۆیە رۆژنامەنووسان بەدەرفەتیان زانی بپرسن كە ئاخۆ هاری ماگوایەر كاپتنی یانەكە دەبێت لە وەرزی داهاتوو ؟
لە وەڵامی ئەم پرسەشدا تین هاگ وەڵامێكی كارامەییانەی دا بە هەموو لایەك كاتێ گووتی؛ ” دەمەوێ دووبارەی بكەمەوە كە وەرزی داهاتوو هەموو شتێك جیاوازتر دەبێت و ئەو لەگەڵ من جیاواز دەبێت، من هەمیشە بۆ ئایندە دەڕوانم، ماگوایەر لەم وەرزە كاری سەرنجڕاكێشی بۆ مانچێستەر ئەنجامداوە، بۆیە بەڵێ بێگوان ئەو كاپتنی یانەكە دەبێت” و كۆنگرەكە بە كۆتا هات.

شایەنی باسە هەریەك لە ( ستیڤ ماكلارێن و میشێل ڤاندێر گاگ ) وەك یاریدەدەری تین هاگ لە دەستەی ڕاهێنەراندا دەبن، كە ئەوەی یەكەمیان پێشتری بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ سێر ئەلێكس فێرگسۆن بووە و خاوەنی ئەزموونێكی زۆرە لە یانەكە و تۆپی پێی ئینگلان ، ئەوەی دووەمیش لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەر یاریدەدەری خۆی بووە لە یانەی ئەیاكس.

لە كۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كە مانچێستەر یونایتد لەم وەرزەی پرێمەرلیگ نەك هەر نەیتوانی لە 4 یانەی پێشەوەی ڕیزبەندی بێت و بگاتە چامپیۆنزلیگ بەڵكو لە تۆپ 5یش نەبوو ، بە كۆكردنەوەی 58 خاڵ و لەپلەی شەشەمی ڕیزبەندی خولەكە گیرسایەوە و وەرزی ئایندە بەشداری لە یۆرۆپالیگ دەكات.

Share on facebook
Facebook
Share on skype
Skype
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn
Share on email
Email
Share on print
Print
Share on telegram
Telegram

هه‌واڵی هاوشێوه‌