حوزه‌یران 28, 2022 12:43 PM

گرنگترین ئەو ئەستێرانەی تۆپی پێ کە نزیک بوون ببنە یاریزانی بارسێلۆنا

بەشێکی زۆری یاریزانەکانی جیهان، خەون بەوە دەبینن یاریی بۆ بارسێلۆنا بکەن، لەم راپۆرتە هەواڵییەدا باسی ژمارەیەک ئەستێرەی دیاریی تۆپی پێ دەکەین کە، نزیک بوونە لەپەیوەندیکردن بەریزی یانە کەتەلۆنییەکە دواتر شوێنێکی تریان هەڵبژاردووە.

ئەو یاریزانانەی رەتیانکردەوە رووبکەنە بارسێلۆنا:-

1. دەیڤید لویز: بەرگریکارە بڕازیلیەکە 2 ئۆفەری بارسێلۆنای پێگەیشت، ئەوکاتەی یاریزانی چێڵسی بوو لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2014، بەڵام قژ بژەکەی سامبا بڕیاریدا رووبکاتە پاریس سانجێرمان.

لویز لە ئەیلولی 2014 بۆ رۆژنامەی ئاس هۆکارەکەی خستەروو و گوتی:” راستە بارسێلۆنا، چەند جارێک هەوڵی کڕینی منیدا، سەرەتا هەموو شتێک باشبوو، بەڵام دواتر تێگەیشتم لەراستیدا پاریس سانجێرمانە کە منی دەوێت.”

2. ریۆ فێردیناند: بەرپرسانی بارسێلۆنا، والێکدانەوەیان کرد کە ریۆ فێردیناند، بژاردەیەکی نایابە بۆ ئەوەی لەپاڵ کارلێس پۆیۆلدا سەرکردایەتی هێڵی دواوەی یانەکە بکات.

بەرگریکارە ئینگلیزییەکە، 16 نازناوی لەژیانی خۆیدا بردۆتەوە، رەتیکردەوە رووبکاتە بارسا و گوتی “لەریزی شەیتانەکان دەمێنمەوە.”

فێردیناند گوتی،” ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بەیەکەوە هەوڵی بەدەسهێنانی منیان دا، بەڵام من لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، نازناوم دەبردنەوە.”

گوتیشی،” نەمویست لێرە بڕۆم، ئەگەر گاریث بەیڵ، نازناوی لەگەڵ تۆتنهام ببردایەوە پەیوەندی بەریال مەدرید نەدەکرد، بۆیە گرنگیم بەجێهێشتنی ریزەکانی یانەکەم نەدا.”

فێردیناند، لەدوو فایناڵی چامپیۆنزلیگدا دژی بارسێلۆنا، شکستی خواردووە 2008-2009، و2010-2011.

3.ئەلیساندرۆ دێل پیرۆ: یەکێک بوو لەبەهرەمەندە ناوازەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا، 19 ساڵ پارێزگاری لەدرێسی یوڤێنتۆس کرد. دێل پیرۆ، 700 یاریی بەدرێسی ”خانمە پیرەکە“ ئەنجامداوە، یەکێک بوو لەسەربازە دڵسۆزەکان بۆ یانەکەی کە، ئامادەبوو مووچەکەی کەم بکاتەوە و لەگەڵ یانەکەشی بەهۆی کارەساتە بەناوبانگەکەی ”کالچیۆپۆلی“ لەخولی پلەدوو یاریی کرد و یوڤێی جێنەهێشت.

ساڵی 2012، کلۆدیۆ باسکوالین، بریکاری کارەکانی دێل پیرۆ، رایگەیاند” دێل پیرۆ یوڤێنتۆسه، لەسەرەتای دەرکەوتنی مان یونایتد و بارسێلۆنای رەتکردەوە لەپێناو خۆشەویستی بۆ خانمە پیرەکە.”

4. کۆکی: ئاتلێتیکۆ مەدرید، نازناوی لالیگای 2013-2014 ـی لەچنگی ریال مەدرید وبارسێلۆنا دەرهێنا، بۆیە چاوەڕوانکراوبوو یانە کەتەلۆنیەکە، هەوڵی ئەستێرەکانی یانەکە مەدریدییەکە بدات. بەرپرسانی بارسا، کۆکی ـیان بەشوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز دەزانی.

کۆکی، دانی بەوەدا ناوە کە،” قوورس بوو بەبارسا بڵێم نا، بەڵام بەباشم زانی ساڵانێکی زیاتر لەریزی ئاتلێتیکۆ درێژه بەیاریی بدەم.”

ئاماژەی بەوەشدا،” کاتی رۆیشتن نەبوو ئێرە ماڵی منە، لێرە هەست بەگرنگی دەکەم، لەهەمانکاتدا یانەکە نیازی فرۆشتنی منی نەبوو.

5. تیاگۆ سێلڤا: ئەو بەرگریکارە بڕازیلیه ئاستێکی جێگیر و نایابی پێشکێش کردووە، دوو جار و لەدوو بۆنەی جیادا بارسێلۆنا هەوڵی کڕینی سێلڤای  داوە ئەوکاتەی لەمیلان بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چوون تیاگۆ بەراشکاوی گوتی،” لەبەر باشترکردنی بژێوی ژیانی روویکردۆتە پاریس سانجێرمان.”

سێلڤا دەڵێت،” بریارێکی سەخت بوو دووجار بەبارسا بڵێی نا، من زۆر بەو یانەیە سەرسام بووم لەمنداڵیەوە بەردەوام خەونم بەوە دەبینی یاریی بەدرێسی بارسیلۆنا بکەم، بەڵام ژیان گوزارشتە لەبڕیاردانی سەخت، گوێم لێبوو خەڵک دەیگوت بۆ پارە ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام لەراستیدا بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ئێمە خێزانمان هەیە و پێویستمان بەگوزەرانە، دواتر پی ئێس جی پڕۆژەی هەبوو دەیانویست یانەکە نوێبکەنەوە.”

6.جیجی بوفۆن: زۆربەی هەوادارانی جیهان جیجی وەک یەکێکە لەباشترین گۆڵپارێزەکانی مێژوو. ساڵی 2001 بووە گرانترین گۆڵپارێزی جیهان کاتێک بە 39 ملیۆن پاوەند لەپارماوە روویکرده یوڤێنتۆس.

ساڵی 2013 بوفۆن ئاشکرایکرد کە بەهۆی باوکیەوە لەبری رووکردنە بارسا، یوڤێنتۆسی هەڵبژارد.

جیجی گوتی،” دەمتوانی ساڵی 2001 پەیوەندی بەبارسێلۆنا بکەم، بەڵام دوای گفتوگۆ کردن لەگەڵ باوکم فرمانی پێکردم کە بچمە یوڤێنتۆس.”

7. کریستیانۆ رۆناڵدۆ: نزیک بوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بێتە پاڵ لیۆ مێسی و پێکەوە لەریزی بارسێلۆنا، بەڵام سێر ئالێکس فێرگسۆن هەموو شتێکی تێکدا.

مان یونایتد، تواناکانی دۆن رۆناڵدۆی دەستەبەر کرد ساڵی 2003 کە ئەوسا تەنها لاوێک بوو، فێرگسۆن رەتیکردەوە یاریزانەکە بچێتە بارسێلۆنا.

دواتر دوای ئەوەی ریال مەدرید نزیک بوەوە لەبەدەستهێنانی تواناکانی دۆن، فێرگسۆن زۆر توڕەبوو چونکە بەدرێژایی مێژوو یانە مەدریدییەکە زۆرترین ئەستێرەی مان یونایتدی بردووە، راهێنەرە سکۆتلەندییەکە هەوڵیدا کریس بداتە بارسا، بەڵام یاریزانەکە رەتیکردەوە.

رۆمان کاڵدیرۆن، سەرۆکی پێشووی ریال مەدرید لە ئاداری  2014 گوتی:” لەهەفتەکانی کۆتایی فێرگسۆن، هەوڵیدا رێگە لەچوونی رۆناڵدۆ بۆ ریال مەدرید بگرێت، پێشنیاری بۆ بارسا کرد کە بیکڕن، بەڵام رۆناڵدۆ بڕیارێکی بوێرانەیدا و رایگەیاند” ناچمە هیچ یانەیەکی دیکە جگە لەریال مەدرید.“

کریستیانۆ رۆناڵدۆ:” 18 گۆڵی لەتۆری بارسێلۆنا بەدرێسی ریال مەدرید کردووە، لە 6 ـی تەممووز ـی 2009 تا 10 ـی تەممووزی 2018 یاریی بۆ مێرەنگێ کرد.

 

 

Share on facebook
Facebook
Share on skype
Skype
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn
Share on email
Email
Share on print
Print
Share on telegram
Telegram

هه‌واڵی هاوشێوه‌