لە مەرزی نێوان فەرەنسا و بەریتانیاوە تا دڵی من

گۆران مەحموود

 

نووسینی: گۆران مەحموود

بەیـانی زووی ڕۆژی شەمـە 26 ی جەنیوەری 2019 ..
چارۆکەی جوانترین سەفەری ژیانی خۆی پێچایەوە بۆ یانە نوێیەکەی بڕوات کە هەزاران ئاواتی هەڵچنیبوو چۆن بگاتە ئەوێ و چۆن خۆی نمایش کات و خۆی پیشان بدات ..
له ماڵەکەی خۆیانەوە چووە نێو ڕۆحی هەورەکان و لەسەر پشتی دوو باڵی فڕۆکە بەرەو کاردیف کەوتە ڕێ ، ئەو دەیویست لە فەرەنساوە تاکو کاردیف دیمەنە دڵڕفێنەکان تەماشا بکات و دڵڕفێنی جوانیەکانی مەرزی ئەو وڵاتانە ببینێ ..
بێ خەبەر لەوەی ئەمە ڕێگایەکە بێ پایان و جادەیەکە هەرگیز گەیشتنی نیە ، ئەو فڕۆکەیەی لەناویای هەرگیز لە هیچ وێستگەیەک نانیشێتەوە و چیتر نە چیمەنی یاریگا دەبینیەوە و نە باڵەخانەیەکی کاردیف ..
.
” کاتێ قەدەر کۆتا قسەکانی دەکات ، هیوا و ئاواتەکان دەکەونە سەر چۆک “!
بەڵێ قەدەر قسەی خۆی کردبوو ، ساتەکان بێ پەڕوا دەڕۆشتن و ئەم سەفەرە کورت مەودایە هێدی هێدی دەبووە سەفەرێکی تولانی ، چاوەکان تاقەتی چاوەڕوانیان نەما ئیتر و کەم کەم دڵ ختورەی پیا دەهات و ترسی نەگەشتن دەهاتە بەر گوێیان ، بەیانی بوو بە نیوەڕۆ و ئێوارە داهات و خۆر سور داهات و ونبوو کەچی هیچ تروستکاییەک لە ڕوناکیەکانی فڕۆکەکەی ساڵا نەبوو …
ئیتر گومانەکان بوون بە ڕاستی و پۆلیسی هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا کەوتنە گەڕان و لێکۆڵینەوەی دیارنەمانی ئەو کوڕە ئەرژەنتینیە ..
پۆلیسی بەریتانیا هەر زوو نائومێدی خۆیان بە گەڕانەوەی سالا دەربڕی ، چون دەیانزانی ئەو ناوچە دەریایەکی بەستوو و کەشێکی وەها ساردی هەیە مەحاڵە گەڕانەوە لێی ، فەرەنسیەکانیش زۆر بێ باکانە دوای دوو ڕۆژ گەڕان کۆتاییان بەگەڕان هێنا و مردنیان ڕاگەیاند بێ هیچ بەڵگەیەکی دروست …
.
هەر ئەمە بوو خوشکەکەی سالای بریندار کرد و لەسەر شەقامەکان و بەدەم گریانەوە داوای دەکرد نابێ وازبێنن دەبێ بیدۆزنەوە ، پاشان چەندین یاریزان دیارترینیان ” مێسی و کانتی ” داوای گەڕانیان کرد تا دۆزینەوەی …
.
پاش هەفتەیەک هیچ هەواڵێک لە هەناسەکانی سالای نەبوو ، دەردناک و ناخهەژێن بوو ، هیچ ئاسەوارێک لەو یاریزانە نەماوە ، شەقامی وەرزشی جیهان خەمگین بوو …
.
دوای پۆستی سالای ئەم نوسینە بوو ” دواین ماڵئاوایی ” .
بێگومان سالای مەبەستی ماڵئاوایی لە یانەکەی بوو ، ئەمما دواین ماڵئاوایی لە نانت نەبوو ، دواین ماڵئاوایی لە خاک و لە دۆست و لە ماڵ و لە خێزانەکەی و هەتا لە ژیان بوو ..
.
ئەوەی کاریگەرە ئەو پۆستەیە کە خوشکەکەی سالای دایناوە ، وێنەی سەگەکەی سالایە لە بەر دەرگا وەستاوە و لەسەر نوسیویەتی ، تاکە مەوجودی سەر زەویە کە نائومێد نەبووە و هێشتا چاوەڕوانی سالایە
.
ببینن کاتێک سیاسیەک یاخود هونەرمەندێک دەمرن هەمیشە کەسانێکی زۆر دڵگران دەبن و زۆرێک بێ دەربەس ، ئەمما مەرگی وەرزشکارێک هەر بەڕاستی خەمهێنە و هەموو جیهان دڵتەنگ دەکات ، چون خودی وەرزشەکە پڕە لە پاکی و برایەتی و ڕێز ..
بێگومان گەر ئەو کارەساتە نەبوایە هەرگیز ئەو ناوبانگەی کە ئێستا هەموو ناسیمان زەحمەت بوو وابوایە ، تۆ ئەستێرەیەکی مەزنی تۆپی پێ نەبووی ، بەڵام ئەم مەرگە جەرگبڕە کردیتی بە برینێکی قوڵ بە جەستەی مێژووی تۆپی پێوە !
.
دوو ڕۆژ پێش ئێستا ئاسەواری فڕۆکەکەی سالا دۆزرایەوە و جەستەیەکی ورد و خاش و بەستووی تێدابوو پاش لێکۆڵینەوە سەلما کە بەڵێ ئەوە سالای بووە و قەتعی ئومێدی گەڕانەوەی کراو بووە تەڵخترین یادگاری نێوان نانت و کاردیف و بۆ ئەبەد برینێکە بە لێواری فەرەنسا و بریتانیاوە …
پاش زیاتر لە هەفتەیەک لە باوەشی سارد و سڕی دەریا دەریان هێنا و دەیگەڕێننەوە ماڵی ئەبەدی خۆی …
.
خودا دەزانێ چەنە خەیاڵی هەبووە بگاتە پریمەرلیگ و لەوێ گۆڵ تۆمارکات و ئاهەنگ بگێڕێ …
وەک لە دواین پەیامە دەنگیەکانیدا وتبووی ” هاوڕێ قەرارە سبەی لەگەڵ یانە نوێیەکەم ڕاهێنان بکەم ”
ئەمما ئەفسوس و داخێکی گران ..
” لە کورتیدا تەمەن وا دیارە بەو دیدارە ڕا ناگـا ”
.
.
ڕێز بۆ ڕۆحی سالای و کاپتنی فڕۆکەکەی
.
.

وەڵامێک بنووسە

هه‌واڵی هاوشێوه‌

error: بابه‌ته‌كانی ئه‌م وێبسایته‌ پارێزراوه‌
×
×

Cart