شوبات 23, 2021 8:22 PM

7 هۆکار بۆ خراپی بارسێلۆنا کەکومان نەیتوانیوە چارەسەریان بکات

نووسینی: سـەردار جەبار

گۆڕانکارییەکان بەخێرایی ڕوویاندا سێتین دوورخرایەوە کومان خرایە شوێنی مێسی هەوڵی ڕۆیشتنی درا ، ڤیدال و سوارێز و ڕاکیتیچ بەڕێکران ،بارتۆمیۆ ناچاری دەستلەکار کێشانەوە بوو ،ئەمانە هەمووی بەنێگەتیڤی بەڕووی بلوگرانادا هەڵواسران ، بەڕووی یانەیەک کە سەردەمێک تۆقێنەر و ترسناکترین یانەی جیهان و ئەوروپا و ئیسپانیا بوو ، لەدوای هاتنی کومان 7 خاڵی نێگەتیڤ لەئاست و ئەنجامی بارسێلۆنا زەق بوونەتەوه کە سەرەکیترینن ،یەک بەدوای یەک دەیانخەینە ڕوو.

1. هەڵە تاکە کەسییەکان چارەسەر نەکراون ، یاریزانانی بارسێلۆنا ڕاهاتوون بە ئەنجامدانی هەڵە لەدەمی یارییەکاندا لەوانە لینگلێت ، شتیگن ، مینگێزا ، پیکێ ، ئۆمتیتی، نیتۆ تەنانەت دی یۆنگ ـیش لەمە بەدەر نییە .

2. ناکارایی هێرشبەران بەرامبەر گۆڵ ،تیپەکەی کومان لە40 باشترین یانەکانی 5 خولە گەورەکەی ئەوروپا نابیندرێت لەڕووی کارایی هێڵی هێرشبردن ،ئەمەش لەدوا یاریی یانەکە بەتەواوەتی ڕوون بوو دژی کادێز کە تەنها یەک گۆڵ تۆمارکرا ئەویش لەڕێگەی لێدانی سزا بوو .

3. ستراتیژی نییە چ لەڕووی بەرگری یان هێرشبەری.

بارسێلۆنا ستراتیژی گۆڵکردنی نییە تەنانەت ناتوانێت سوود لەلێدانی گۆشەکانیش وەرگرێ لە 242 لێدانی گۆشە تەنها یەک گۆڵ کراوە ئەویش دژی دینامۆ کیێڤ بوو کاتێک برەیتوایت تۆمارکردی ،لەکاتێکدا لێدانی گۆشە چەکێکی بەهێزی زۆربەی یانەکانە بۆ تۆماری گۆڵ بەڵام لای بارسا هیچ کاریگەرییەکی نییە و یاریزانەکان ناتوانن سوودی لێوەرگرن.

4. یانەکە دژی یانەی گەورە بردنەوەی تۆمارنەکردووە.

کومان لەوەتەی هاتووە لەهیچ یانەیەکی گەورەی نەبردۆتەوە تەنها یەک یاریی براوە بووە دژی یوڤێنتۆس لەخاکی ئیتاڵیا بەڵام لەیاریی گەڕانەوە بە 3 گۆڵ شکستی خوارد ، دژی ڕیال و یوڤێ و ئاتلێتیکۆ و پاریس شکستی خواردووە لەسەر یاریگەی خۆی ، هاوکات یاریی کۆتایی جامی سوپەری دژی ئاتلەتیک بلباو دۆڕاند و لەیاریی چوون ـی جامی شا ـشدا دژی سێڤییا تووشی شکست بووە .

5. بارسێلۆنا دژی تیپە بچووکەکانیش ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە ، لەجامی شا لەچەند یارییەک چووە کاتی زیادکراو بەئاشکرا هەست بەماندووێتی تیپەکەی ڕۆناڵد دەکرا ، دژی خیتافی و کادێز شکستی خواردووە ،لەگەڵ ڤیتۆریا یەکسان بوو ، تەنانەت لەکامپ نۆ لەگەڵ کادێز و ئیبار کەوتە داوی یەکسانبوون.

6. ناتوانێت تۆڕەکەی بەخاوێنی ڕابگرێت.

8 یارییە لەسەر یەک بارسێلۆنا گۆڵی لێدەکرێت ، لەم وەرزە 36 یاریی فەرمی ئەنجامداوە تەنها 12 یاریی گۆڵی لێنەکراوە ،ئەمەش خاڵێکی دیکە لاوازی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکەیە کەتائێستا نەیتوانیوە چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە.

7. بارسێلۆنا ناتوانێت پارێزگاری لە باڵادەستی خۆی بکات .

کێشەیەکی دیکەی بلوگرانا ئەوەیە کاتێک لەزۆربەی یارییەکان بەئاستێکی بەرز دەردەکەوێت هەلی زۆر دەڕەخسێنن و تیپی بەرامبەر تووشی کێشەی زۆر دەکەن بەڵام یاریزانەکان ناتوانن سوود لەوە وەرگرن لەکۆتایی ئەنجامەکە لەدەست دەدەن ،یاریی بەرامبەر کادێز تیپەکەی کومان باڵادەست بوو بەبەردەوامی تۆپ لەنێوان قاچەکانی کوڕانی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە لەنیوە یاریگەی تیپی ڕکابەر دەخولایەوە لێ سەرەنجام بارسا بەخاڵێک لەناو یاریگەی خۆی هاتە دەرەوە ، تەنانەت ئەمە لەفایناڵی جامی سوپەر ـیش دژی ئاتلەتیک بلباو ڕوویدا بارسا پارێزگاری لەئاستی خۆی نەکرد ،سەرەنجام ناسناوەکەی پێشکەشی یانەکەی هەرێمی باسک کرد.

دوا سەرەنج دۆخی خراپی دارایی تەنها حاڵی بارسا نییە، بەڵکو زۆرینەی یانەکان ئەو کێشەیەیان هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پەکبوونی سەرجەم چاڵاکییەکان ، زۆربەی یارییەکان هەڵەی تاکتیکی ونەبوونی پلانی باش و ستراتیژیەتی بردنەوە ، لەوەش سەرووتر نەبوونی هێزێک بۆ گۆڕینی ئەنجام کێشەی هەرە لەپێشی یانەکەیە سەرەکیترین بەرپرسیاریش لەم دۆخە کومان ـە کەنەیتوانیوە هاوسەنگیەک لەنێو تیپەکەی دروست بکات ، وابڕوا قوربانی یەکەم ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە دەبێت ،هەر لەئێستاشدا دەبێ فاتیحایەک بۆ یانەکە بخوێنین و چاوەڕێی ئەنجام نەبین ، چوون وردە وردە لەڕکابەری ناسناوی لالیگا دووردەکەوێتەوە ، لەچامپیۆنزلیگ یاریی چوونی لەسەر یاریگەی خۆی بە4 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاندووە و لەیاریی چوونی جامی شای ئیسپانیاشدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام دژی سێڤییا تووشی شکست بووه.

Share on facebook
Facebook
Share on skype
Skype
Share on twitter
Twitter
Share on linkedin
LinkedIn
Share on email
Email
Share on print
Print
Share on telegram
Telegram

هه‌واڵی هاوشێوه‌

error: بابه‌ته‌كانی ئه‌م وێبسایته‌ پارێزراوه‌

ئۆفه‌ری فاست لینك بێ سنوور - پاكێجی فێراری پلەس