نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەصاب !!


نوسینی:دارەوان حەمە

قۆناغەکانی چامپیۆنسلیگ کۆتایی هات دوو یانە گەیشتنە یاریی کۆتایی، ئەوانیش یانەکانی لیڤەرپوول و ریال مەدریدن ، دەتوانم بڵێم جگە لە هاندەرەکانیان هیچ چاودێرێکی وەرزشی ئەو دوو یانەیەی نە پاڵاوتبوو بۆ یاریی کۆتایی، ئەویش بە هۆی ئەو ئاستە لاوازەی ریال لە سەرەتایی وەرزی ئەمساڵ و پێشکەش نەکردنی ئاستێکی زۆر بەرزی لیڤەر لە سەرەتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزی و چامپیۆنسلیگ تا بە یانەیەکی بەربژێری دابنێن بۆ چامپیۆنسلیگ، بەڵام هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە دەڵێن محمد و ڕۆناڵدۆ سەرکردایەتی ئەو دوو یانەیە یان کرد بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنسلیگ .

نامەوێ زۆر باسەکە درێژ بکەم، دەمەوێت ڕاستەوخۆ بچمە ناو باسی ئەو دێرەی سەرەوە کە نوسیومە، لە یاریەکانی قۆناغەکانی چامپیۆنسلیگ دەتوانم بڵێم ئەوەندەی باسی ناوبژیوان کرا ئەوەندە باسی ئاستی یانەکان و تاکتیکی یانەکان نەکرا ئەوەش ڕوونە بە هۆی زۆری حاڵەتەکانی ناوبژیوان، بە تایبەتی قۆناغی پێش کۆتایی کە هەردوو یانەی یاریی کۆتایی بەوە تۆمەتبار کراون کە بە هەڵەی ناوبژیوانی گەیشتوون بە یاریی کۆتایی !!

بەڵام ئەوەی دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە ئەوەیە کە ئێستا دەبینین و دەبیستین هەر کەسێک هەڵدەستێ باس لە ئاستی ناوبژیوان دەکات، وەک ئەوەی شارەزاییەکی تەواوی لەو بوارە هەبێت بەڵام هەر نەک شارەزایی نیە بەڵکوو یەک بەند لە یاساکانی ناوبژوانی نازانێت، بەڵام زۆر بە ئاسانی دەڵێت ئەو حالەتە %100 لێدانی سزا بوو یان لێدانی سزا نەبوو یان ئەوە کارتی سوور بوو یان هەر حاڵەتێكی تر !! هەر بە جدی هیچ کاتێک کۆلینا یان هەر ناوبژیوانێکی تر هەیە بینیوتە بێت بڵێت دەبێت ئەو ڕاهێنەرە بەو پلانە یاریی بکات یان دەبوو بە شێوەیە یاریی کردبا یان ئەو یاریزانە هەڵە بوو دایبەزاند !! بێ گوومان نەخێر ! ئەی بۆچی دەبێت ئێمە کە هیچ سیفاتێکی ناوبژیوانیمان نیە بڵێن ئەوە لێدانی سزایە یان ئەوە ئۆفسایدە یان هەر بڕیارێکی تر.. ئەزموونت هەیە بەڵێ دەمێکە سەیری یاریی دەکەی دەتوانی قسە بکەی لەسەر حاڵەتەکان ، بەڵام بۆ لێی ناگەڕێی بۆ کەسێک کە ئەوە پیشەکەیەتی بۆ کەسێک هەموو یاساکان و بەندەکانی لەبەرە پێی دەڵێن ناوبژیوان !

ئەگەر باسی شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسەکانی کەناڵە عەرەبیەکان دەکەی وەک نموونە کە باس لە بڕیارەکان دەکەن من پێت دەڵێم هەڵەن ئەگەر لە گەورەترین کەناڵی جیهانی بن چونکە دەبێت کارەکان جیا بکرێنەوە ئەگەر وابێت بۆ کەسێک هەبێت بە ناوی پسپۆر لە بواری ناوبژیوانی یان ناوبژیوان !!

نموونەیەکی زۆر سادە، کاتێک جەمال شەریف کە زۆرێکمان دەڵێن قسەکانی لایەنگری پێوە دیارە جا بۆ هەر یانەیەک بێت، بەڵام کاتێک قسە دەکات بۆچی زۆرترین بینەری هەیە ؟ بۆچی قسەکانی لەگەڵ قسەی ڕۆژنامە نوسێك یان شرۆڤەکارێک زیاتر دەچێتە بەر دیدی خەڵک و زیاتر گرنگی پێ دەدەن ؟ چونکە خۆی ناوبژیوانە چونکە بەندەکانی یاساکە دەزانێت ، چونکە حاڵەتەکان ڕوون دەکاتەوە ئینجا بڕیار دەدات، بەڵام کاتێک یەکێکی تر قسە دەکات تەنیا دەتوانێت بلێی بە ڕای خۆم کە ئەو قسەیەش زۆر باو نیە لە دونیای وەرزش !!

بۆیە هەر وەک پێشتریش باسم کردووە لەسەر ئەو قسەی خۆمم کە قسە لەسەر ناوبژیوان نەکەم بەڵام قسەی هەر ناوبژیوانێک بێت عەرەبی یان کورد یان ئینگلیز دەیگوازمەوە پۆستی دەکەم، بەڵام هیچ کاتێک خۆم بڕیار لەسەر ناوبژیوان نادەم بە جێیدێڵم بۆ کەسێک کە پێی دەڵێن ناوبژیوان، 

بۆ ساڵی داهاتوو سیستەمی ڤار ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکات!! 

وەڵامێک بنووسە

هه‌واڵی هاوشێوه‌

error: بابه‌ته‌كانی ئه‌م وێبسایته‌ پارێزراوه‌
×
×

Cart